تبلیغات
به‌خێربێن بۆ ماڵپه‌ڕی خه‌نده‌ - تەواوی ژیانی پێغەمبەری خۆشەویستمان (ص)
ماڵپه‌ڕی خه‌یلفان ماڵپه‌ڕی خه‌یلفان

به‌خێربێن بۆ ماڵپه‌ڕی خه‌نده‌
 
ماڵێك بۆ زانیاری
له‌ به‌رواری‌ 1391/05/24 له‌لایه‌ن sarhang khalifany
لەدایکبوون ٥٧٠ ی زایینی
مەککە
مەرگ ٦٣٢
مەدینە
نەتەوە عەرەب
ناوەکانی تری ئەبولقاسم
دایەن حەلیمە
بیروڕای ئایینی ئیسلام
هاوسەر(ەکان) خەدیجە، عاییشە
منداڵەکان فاتمە
دایک‌وباوک عەبدوڵڵا کوڕی عەبدولموتەلیب، ئامینە

موحەممەد

محەمەدی کوڕی عەبدولڵا کوڕی عەبدول موتەلیب موسڵمانان دایدەنێن بە پێغەمبەری خوا بۆ ھەموو مرۆڤایەتی تا خەڵک بگەڕێنێتەوە بۆ یەکتاپەرستی و وپەرستنی خوا لەسەر ڕیبازی ئیبراھیم، و لەو باوەڕەدان کە کۆتایی پێغەمبەرەکانی خوایە، لەگەڵ ناوھێنانیدا موسڵمانان ئەڵێن (صلی اللە علیە و سلم) واتە دروودی خوای لێبێت، کە ئەوە لە قورئان وسوننەتدا ھاتووە کە وایان لێئەکات سڵاواتی لەسەر بدەن، لە دایک بووە لە مەککە لە مانگی ڕەبیعولئەولی ساڵی فیل، بەرامبەر ساڵی ٥٧٠ زاینی، پێش ئەوەی لە دایک بێت باوکی کۆچی دوایی کردوە و ھەر لە مناڵیشدا دایکی لەدەست ئەدات، پەروەردە دەبێت لای عەبدول موتەلیبی باپیرەی پاشان لای ئەبو تالیبی مامی، کە لەو ماوەیەدا خەریکی شوانی ئەبێت، پاشان بازری ئەکات، لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا ژیانی ھاوسەری پێک ھێناوە لەگەڵ خەدیجەی کچی خوەیلد وھەموو مناڵەکانی لەو بووە بێجگە لە ئیبراھیم، لە پێش ئیسلامدا حەنیفی بووە وخوای پەرستووە لەسەر ڕیبازی ئیبراھیم و پەرستنی بتی ڕەتکردۆتەوە، موسڵمانان لەو باوەڕەدان کە وەحی (نیگای خوا)ی پێ گەیشتووە کاتێک لەتەمەنی چل ساڵیدا بووە، سێ ساڵ بە نھێنی بانگەوازی کرد پاشان دە ساڵی لە مەککە بە سەر برد بە بانگ کردنی خەڵکەکەی وبازر و حەجاجەکانی کە دێنە مەککە، و لە ساڵی ٦٢٢ز کۆچی کرد بۆ شاری مەدینە کە ناودەبرا بە یەسرب، دوای ئەوەی گەورەکانی قوڕەیش کەوتنە پیلان گێڕان لێی و بانگەوازەکەیان ڕەت ئەکردەوە، دە ساڵی کۆتایی ژیانی لە مەدینە بەسەر برد بە بانگەوازی ئیسلامی، وبناغەی شارستانی ئیسلامی دانا، کە دواتر مەککە وھەموو شار و ھۆزە عەرەبیەکانی گرتەوە، کە بۆ یەکەم جار عەرەبی یەکخست لەسەر یەک ئاینی یەکتاپەرستی ولە دەوڵەتێکی یەکگرتوودا


ناوەڕۆک

١ ڕەچەڵەکی
٢ پشت و نەسەبی پێغەمبەر (د.خ)
٣ ژیانی لە پێش بانگەواز
٣.١ لە دایک بوونی
٤ ڕووداوی فیل یان ساڵی فیل
٥ خواپەرستی پێغەمبەر لە ئەشکەوتی حراء
٦ ژیانی کۆمەڵایەتی لە شاری مەککە
٦.١ ژنھێنانی
٧ بەڵگە و نیشانەکانی پێغەمبەرایەتی
٨ بانگەوازی
٨.١ سەرەتای پێغەمبەرایەتی
٨.٢ سەرەتای بانگەواز
٩ ئەوانەی کە لە دەرەوەی مەککە بە دەم بانگەوازی ئیسلامەوە هاتن
٩.١ ئیسرا ومیعراج
٩.٢ کۆچکردن
١٠ مەدینە پێش کۆچکردن
١١ کۆچی پێغەمبەر و وەرچەرخانێکی مێژوویی
١٢ گەیشتنی پێغەمبەر (د.خ) بە مەدینە
١٣ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی
١٤ دروستکردنی مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ)
١٥ برایەتی نێوان کۆچکەران و پشتیوانان
١٦ لە دەرئەنجامەکانی کۆچ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی بوو لە مەدینە
١٧ کۆچی دوایی
١٨ پاش مردنی
١٩ هەڵوێستی ناودارانی مێژوو سەبارەت بە پێغەمبەری خوا
٢٠ گۆتەی شاعیر
٢١ تۆماس کارڵ
٢٢ پرۆفیسۆر یوشیدی کوزان
٢٣ د.هانز کونج
٢٤ کارڵ ماکس
٢٥ جەیمز جینز
٢٦ بەرنادشۆ
٢٧ تۆڵستۆی
٢٨ سەرچاوەکان

[] ڕەچەڵەکی

لەبەر ئەوەی کەسایەتیەکی کاریگەرە لە مێژوودا، بۆیە ژیان و کاروبار وبیروباوەڕی بە شێوەیەکی بەرفراوان لێدوانی لەسەر کراوە لەلایەن لایەنگران و نەیارەکانی بە درێژایی سەدەکان.


محەمەدی کوڕی عەبدولڵا کوڕی عەبدول موتەلیب کوڕی ھاشمە، و لە نەسەبی ئیسماعیلی کوڕی ئیبراھیمە، باوکی عەبدولڵای کوڕی عەبدول موتەلیب بووە کە لە چاکترین کوڕەکانی باوکی بووە ولێبوردەترین و نزیکترینیان بووە لێوەی، ودایکی ئامینەی کچی وەھب بووە کە لەو ڕۆژانەدا باشترین ژنی قوڕەیش بووە لە نەسەب وشوێندا.
[] پشت و نەسەبی پێغەمبەر (د.خ)

خوا مرۆڤی دروست كردووه‌، ڕێزی لێ ناوه ‌و فه‌زڵ و ڕێزی داوه‌ به‌سه‌ر زۆرێك له‌ دروستكراوه‌كانی دیكه‌یدا. له‌ دیارده‌كانی ئه‌م ڕێزه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ كردۆته‌ ڕوانگه‌ی ژیانی و كردوویه‌تیه‌ خاوه‌نی پشت و نه‌سه‌ب و وه‌جاخ. ده‌زانێت باوك و دایك، كه‌سوكاری و هه‌روه‌ها كوڕ و كچ و نه‌وه‌كانی كێن؛ هه‌روه‌ك خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: {وهو الذی خلق من الماء بشرا فجعله نسبا وصهرا وكان ربك قدیرا} [الفرقان: ٥٤] {هه‌ر ئه‌و زاته‌یه‌ كه‌ له‌ ئاوی (مه‌نی) به‌شه‌ر دروست ده‌كات و‌ كردوویه‌تی به‌ هۆی خزمایه‌تی (له‌ ڕێگه‌ی پیاوه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك خزم دروست ده‌بێت و هه‌روه‌ها له‌ ڕێگه‌ی ئافره‌تیشه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك)، بێگومان په‌روه‌ردگاری تۆ به‌رده‌وام ده‌سه‌ڵاتی بێسنووره‌ و به‌توانایه‌.} هه‌روه‌ها پاراستنی مرۆڤ و وه‌چه‌ و وه‌جاخی مرۆڤ یه‌كێكه‌ له‌ مه‌به‌سته‌ هه‌ره‌گرنگه‌كانی هه‌موو ئایینه‌ ئاسمانییه‌كان به‌تایبه‌تی ئایینی ئیسلام به‌ شێوه‌یه‌ك له‌نێو ئه‌و پێنج مه‌به‌سته‌ سه‌ره‌كییه‌دا دایناوه‌ كه‌ ده‌یانپارێزێت (پاراستنی: ئایین، ده‌روون، ماڵ و سامان، ژیری و وه‌چه‌). له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌بینن كه‌ گرنگترین ئه‌و شتانه‌ی مرۆڤ پێوه‌ی ده‌نازێت و فه‌خری پێوه‌ ده‌كات وه‌چه‌ و وه‌جاخ و پشتێتی. عه‌ره‌به‌كانیش له‌ به‌ناوبانگترینی ئه‌و كه‌سانه‌ بوون كه‌ گرنگییان به‌ پشت و نه‌سه‌بی خۆیان ده‌دا و له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی سوور بوون. له‌به‌ر ئه‌وه‌ خوای گه‌وره‌ پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی له‌ به‌ڕێزترین و باشترین هۆز و شه‌ریفترین پشت و نه‌سه‌ب و وه‌جاخ نارد. جا وه‌چه‌ی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله علیه وسلم) له‌ باشترین به‌شه‌كانی هۆزی (مضر) بوو كه‌ له‌ به‌ناوبانگترینی هۆزه‌كانی عه‌ره‌به. ئه‌وانیش كه‌ پاڵ ده‌درێنه‌ لای نزار كوڕی معه‌د كوڕی عه‌دنان. بوخاری له‌ كوله‌یبی كوڕی وائیل بۆمان ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێت: به‌خێوكه‌ره‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ر زه‌ینه‌بی كچی ئه‌بی سه‌له‌مه‌ بۆی گێڕامه‌وه‌ كه‌ كوله‌یب وتی: (قلت لها: أرأیت النبی (صلى الله علیه وسلم) أكان من مضر؟ قالت: فممن كان إلا من مضر؟ من بنی النضر بن كنانة). (پێم گوت: ئایا ده‌بینیت و ده‌زانیت كه‌ پێغه‌مبه‌ر له‌ هۆزی (مضر)ه‌؟ وتی: ده‌ی له‌ كێیه‌ ته‌نها له‌ (مضر) نه‌بێت؟ له‌ نه‌وه‌ی نه‌ضری كوڕی كینانه‌یه‌.) هه‌روه‌ها هه‌موو پێغه‌مبه‌رانی دیكه‌ش كه‌ خوا ناردوونی به‌م شێوه‌یه‌ بوون و له‌ پشت و وه‌چه‌یه‌كی شه‌ریف، ناودار، كۆن و ناسراو بوون. له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌ گفتوگۆ و مونازه‌ره‌ی نێوان هیره‌قل و ئه‌بوو سوفیاندا یه‌كه‌م پرسیارێك كه‌ هیره‌قل له‌ ئه‌بوو سوفیانی كرد سه‌باره‌ت به‌ پێغه‌مبه‌ر (صلى الله علیه وسلم) ئه‌وه‌ بوو وتی: پشت و نه‌سه‌بی چۆنه‌ له‌ناوتاندا؟ -مه‌به‌ستی پێغه‌مبه‌ر بوو (صلى الله علیه وسلم)- ئه‌بوو سوفیانیش وه‌ڵامی دایه‌وه ‌و وتی: ئه‌و‌ له‌ناوماندا خاوه‌ن پشت و نه‌سه‌به‌، واته‌ خاوه‌ن پشتێكێ ناسراو و شه‌ریفه. پاشان هیره‌قل له‌ كۆتایی پرسیاره‌كانی و خوێندنه‌وه‌ی بۆ وه‌ڵامه‌كانی ئه‌بو سوفیان وتی: پرسیارم لێ كردیت له‌ پشت و نه‌سه‌بی، باست كرد كه‌ خاوه‌ن پشت و نه‌سه‌به‌ له‌ناوتاندا. پێغه‌مبه‌ران به‌و شێوه‌یه‌ن و له‌ ناو پشت و نه‌سه‌بی خۆیاندا ده‌نێردرێن و ده‌كرێنه‌ پێغه‌مبه‌ر. چیرۆكی ئه‌بو سوفیان و هیره‌قل چیرۆكێكی دوورودرێژه ‌و ئیمامی بوخاری ڕیوایه‌تی كردووه‌. له‌سه‌ر ڕێز و وه‌جاخداری پشتی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله علیه وسلم) هه‌ندێك فه‌رمووده‌ی دروست (صحیح) هاتوون؛ له‌وانه‌ ئیمامی (مسلم) ده‌یگێڕێته‌وه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ر (صلى الله علیه وسلم) فه‌رموویه‌تی: (إن الله اصطفى كنانة من ولد إسماعیل واصطفى قریشا من كنانة واصطفى من قریش بنی هاشم واصطفانی من بنی هاشم.) (به‌ڕاستی خوا له‌ نه‌وه‌ی ئیسماعیل كینانه‌ی هه‌ڵبژارد، له‌ كینانه‌ش قوڕه‌یشی هه‌ڵبژارد، له‌ قوڕه‌یشیش نه‌وه‌ی هاشمی هه‌ڵبژارد و‌ له‌ نه‌وه‌ی هاشمیش منی هه‌ڵبژارد.) جا خاوه‌نانی سیره ‌و ژیاننامه‌ی پێغه‌مبه‌ر تاكوو عه‌دنان هه‌موو كۆكن له‌سه‌ر پشتی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله علیه وسلم)؛ به‌م شێوه‌یه‌: محمد كوڕی عبد الله كوڕی عبد المطلب كوڕی هاشم كوڕی عبد المناف كوڕی قصی كوڕی كلاب كوڕی مرة كوڕی كعب كوڕی لؤی كوڕی غالب كوڕی فهر –ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هۆزی قوڕه‌یش دراونه‌ته‌ پاڵی- كوڕی مالك كوڕی كنانة كوڕی خزیمة كوڕی مدركة كوڕی إلیاس كوڕی مضر كوڕی نزار كوڕی معد كوڕی عدنان. به‌ڵام له‌ دوای عه‌دنان تاكوو ئیبراهیم سه‌لامی خوای لێ بێت ئه‌وه‌ سیره‌ و ژیاننامه‌نووسانی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله علیه وسلم) جیاوازییان هه‌یه‌ له‌ڕاستی و ته‌واوێتیدا. هه‌یانه‌ ده‌ڵێت ڕاسته ‌و هه‌شیانه‌ وه‌ستاوه‌ و شتێكی نه‌گوتووه؛ ئیبن قه‌ییم -ڕه‌حمه‌تی لێ بێت- ده‌ڵێت: "إلى هاهنا معلوم الصحة متفق علیه بین النسابین ولا خلاف فیه البتة وما فوق عدنان مختلف فیه ولا خلاف بینهم أن عدنان من ولد إسماعیل علیه السلام." "تاكو ئێره ‌-واته‌ تا عه‌دنان-ڕاستێتی زانراوه ‌و له‌نێوان پشت هۆنه‌ره‌وه‌كاندا یه‌كڕان له‌سه‌ری و هیچ جیاوازییه‌ك نییه.‌ له ‌سه‌روو عه‌دنانیشه‌وه‌ جیاوازی تێدایه‌ و‌ هیچ جیاوازییه‌كیش نییه‌ له‌وه‌ی كه‌ عه‌دنان له‌ نه‌وه‌ی ئیسماعیله‌ سه‌لامی لێ بێت." مه‌عده‌ن و چاوگی پێغه‌مبه‌ر(صلى الله علیه وسلم) پاك و به‌به‌هایه. له‌ نه‌وه‌ی ئیسماعیلی سه‌ربڕاو و ئیبراهیمی خه‌لیلی خوایه. مژده‌ی عیسای برایه‌تی، بانگه‌وازی باوكمان ئیبراهیمه‌ سه‌لامی خوای لێ بێت؛ پێغه‌مبه‌ر (صلى الله علیه وسلم) به‌رامبه‌ر به‌مه‌ خۆی ده‌فه‌رموێت إنی عبد الله وخاتم النبیین، وأبی منجدل فی طینته، وسأخبركم عن ذلك، أنا دعوة أبی إبراهیم وبشارة عیسى، ورؤیا أمی آمنة التی رأت، وكذلك أمهات النبیین یرین، وأن أم رسول الله صلى الله علیه وسلم رأت حین وضعته له نورا أضاءت لها قصور الشام ثم تلا: { یا أیها النبی إنا أرسلناك شاهدا و مبشرا و نذیرا * و داعیا إلى الله بإذنه و سراجا منیرا}) (رواه الحاكم وصححه الإمام الذهبی.) ئینجا له‌ پاش وه‌فاتی نه‌وه‌كانی كورت بوونه‌وه‌ له حوسه‌ین و‌ حه‌سه‌نی كوڕی عه‌لی كوڕی ئه‌بوو تالیب خوایان لێ ڕازی بێت. جا هه‌ركه‌سێك به‌ پشت بگا به‌وان و له‌ نه‌وه ‌و وه‌چه‌ی ئه‌وان بێت، ئه‌وه‌ له‌ وه‌چه‌ی پێغه‌مبه‌ره (صلى الله علیه وسلم). كورته‌ی قسه‌: پێغه‌مبه‌ر(صلى الله علیه وسلم) چاكترینی خه‌ڵكانی سه‌رزه‌وی بووه‌ له‌ پشت و نه‌سه‌بیدا و له‌ پشتێكی پاك و بێگه‌رد هاتووه‌ و هه‌موو پشته‌كانی به‌ نیكاحی حه‌ڵاڵ به‌یه‌ك گه‌یشتوون و وه‌چه‌یان لێ بۆته‌وه‌. جا جێی خۆیه‌تی كه‌ موسڵمان ئاگاداری پشت و نه‌سه‌بی پیرۆزی پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی بێت و پله‌وپایه‌ی به‌رزی بزانێت.
[] ژیانی لە پێش بانگەواز
[] لە دایک بوونی

محەمەد لە دایک بووە لە مەککە (بە پێی ئەھلی سونە لە دایک بووە ڕۆژی دووشەممە لی ١٢ ی ڕەبیعولئەوەلی ساڵی فیل، بەرامبەر ٢٠ یان ٢٢ ی نیسانی ساڵی ٥٧١ یان ٥٧٠ز). شەش مانگ پێش لە دایکبوونی باوکی کۆچی دوایی کردووە، کاتێک لە دایک دەبێت ئامینەی دایکی ئەنێرێت بۆ لای عەبدول موتەلیب مژدەی بدەنێ ئەویش زۆری پێ خۆش دەبێت ودەچێتە کەعبەوە سوپاسی خوا ئەکات و ناوی محەمەدی بۆ ھەڵ ئەبژێرێت کە لەو کاتەدا ئەو ناوە لە ناو عەرەب باو نەبووە. یەکەم کەس کە شیری پێدا لە دوای دایکی سویبەی خزمەتکاری ئەبو لەھەب بووە وپاشان بردیانە لای حەلیمەی سەعدی وئەو گرتیە خۆی، و چەند مانگ جارێک ئەیھێنایەوە بۆ لای دایکی، دوو ساڵ لە بەنی سەعد مایەوە پاشان حەلیمە ھات بۆ لای دایکی تا داوای لێبکات زیاتر لایان بمێنێتەوە تاکو گەرمای مەککە کاری تێ نەکات و ھەروەھا لەبەر ئەو بەرەکەتەی ڕووی تێکردبوون بە ھۆی ئەوەوە، بەڵام لە دوای ڕووداوی لەتکردنی سنگی محەمەد ترسان و گەڕاندیانەوە بۆ لای دایکی. و لە تەمەنی شەش ساڵیدا بوو کاتێک دایکی کۆچی دوایی کرد، پاشان عەبدول موتەلیبی باپیرەی بردیە لای خۆی تا لەگەڵ مناڵەکانیا بژی،وکاتێک لە تەمەنی ھەشت ساڵیدا بوو عەبدول موتەلیب کۆچی دوایی کرد لە مەککە، و پێش مردنی ئەبو تالیبی کوڕی ڕاسپارد بە پەروەردەی محەمەد، ئەبو تالیبیش ئەو ئەرکەی زۆر بە جوانی لە ئەستۆ کرد.

محەمەد سەرەتا شوانی ئەکرد لە بەنی سەعد لە سەر چەند قیڕاتیک بۆ خەڵکی مەککە. ناونرا بە ئەمین وڕاستگۆ و خەڵک ئەمانەتیان لە لا دائەنا، و کاتێک قوڕەیش بینای کەعبەیان نوێکردەوە، جیاوازیان تێ کەوت لەسەر دانانەوەی بەردە ڕەشەکە لە شوێنی خۆی، بۆیە ڕێکەوتن یەکەم کەس ھاتە ژوورەوە دایبنێت، محەمەد ھاتە ژوورەوە وتیان ئەمین ھات و ڕازی بوون کە ئەو دایبنێت، داوای پۆشاکێکی کرد و بەردەکەی خستە سەری و و ھەموو تیرە و ھۆزەکانی شاری مەککەی بانگکرد و ھەر یەکەی چەمکێکیان گرت و ھەڵیان گرت، پاشان بە دەستی خۆی بەردەکەی خستەوە شوێنی خۆی.
[] ڕووداوی فیل یان ساڵی فیل

چه‌ندین ڕووداو و به‌ڵگه ‌و نیشانه‌ی خوایی پێش هاتنی پێغه‌مبه‌ر(صلى الله علیه وسلم) ڕوویان دا؛ له‌ گرنگترینی ئه‌و ڕووداوانه‌ كه‌ پێش له‌ له‌دایكبوونی پێغه‌مبه‌ر(صلى الله علیه وسلم) ڕوویان دا ئه‌وه‌یه‌ به‌ ڕووداوی فیل ناسراوه ‌و پێغه‌مبه‌ری خوا له‌و ساڵه‌دا له‌دایك بووه‌ که‌ ناو نرا به‌ ساڵی فیل. جا با بزانین ئه‌و ساڵه‌ و به‌سه‌رهاتی ئه‌و ساڵه‌ چییه‌‌؟ كتێبه‌كانی (سیرة)‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ یه‌كێك به‌ ناوی ئه‌بره‌هه‌ی حه‌به‌شی جێگری نه‌جاشی ده‌بێت له‌ یه‌مه‌ن. ده‌بینێت وا عه‌ره‌به‌كان هه‌موو ساڵێك به‌ره‌و كه‌عبه‌ ده‌ڕۆن و به‌ره‌و ئه‌وێ حه‌ج ده‌كه‌ن. كه‌عبه‌ پله‌یه‌كی گه‌وره ‌و پیرۆزی هه‌یه‌ له‌ دڵیاندا. زۆر ئه‌مه‌ی پێ ناخۆش ده‌بێت. ده‌یه‌وێ شتێك بكات خه‌ڵكی پشت له‌ كه‌عبه‌ بكه‌ن و ڕوو له‌ یه‌مه‌ن بكه‌ن؛ هات كه‌نیسه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له‌ صنعاء دروست كرد و به‌ جوانترین شێوه‌ ڕازاندیه‌وه‌ تا خه‌ڵكی له‌مه‌ودوا به‌ره‌و ئه‌وێ بێن و واز له‌ كه‌عبه‌ بهێنن. جا كاتێك پیاوێكی عه‌ره‌ب له‌ نه‌وه‌ی كینانه‌ ئه‌مه‌ی بیست، به‌ره‌و یه‌مه‌ن كه‌وته‌ ڕێ و شه‌وێ‌ به‌دزیه‌وه‌ خۆی گه‌یانده‌ كه‌نیسه‌كه ‌و میز و پیسایی تێ كرد. كاتێك ئه‌بره‌هه‌ به‌مه‌ی زانی پرسیاری كرد كه‌ كێیه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی ئه‌و كاره‌ی كردووه‌؟ وتیان پیاوێكه‌ ئه‌و كاره‌ی كردووه‌ خه‌ڵكی ئه‌و شوێنه‌یه‌ وا‌ خه‌ڵكی حه‌جی بۆ لا ده‌كه‌ن له‌ مه‌ككه. ئیتر ئه‌بره‌هه‌ تووڕه‌ بوو و سوێندی خوارد ‌كه‌عبه‌ بڕووخێنێت. سوپایه‌كی گه‌وره ‌و به‌هێزی ئاماده‌ كرد و به‌ مه‌به‌ستی ڕووخاندنی كه‌عبه‌ی پیرۆز به‌ره‌و مه‌ككه‌ به‌ڕێ كه‌وت. له‌و گیاندارانه‌ی له‌ گه‌ڵیاندا بوون له‌ سوپاكه‌یاندا فیل بوو كه‌ عه‌ره‌به‌كان پێی نامۆ بوون و له‌و ناوچانه‌ی ئه‌واندا نه‌بوو. ئیتر ئه‌بره‌هه‌ له‌ صنعاء‌وه‌‌ به‌ڕێ كه‌وت و عه‌ره‌به‌كانیش ترسی ته‌واویان لێ نیشت. ته‌نها چه‌ند به‌رگرییه‌كی كه‌م نه‌بێت له‌و تیره ‌و هۆزانه‌ی پیرۆزیی كه‌عبه‌ له‌ لایان به‌هێز بوو ئیتر كه‌سی تر بوێریی ئه‌وه‌ی نه‌بوو ڕووبه‌ڕوویان بێته‌وه‌ له‌ ڕێگه‌دا تا گه‌یشتنه‌ چوارده‌وری مه‌ككه‌. خه‌ڵكی مه‌ككه‌ش خۆیان دایه‌ پاڵ و شاخ و دۆڵه‌كانی ده‌وروبه‌ری مه‌ككه‌ و به‌رگرییان نه‌كرد. له‌م كاته‌دا هه‌ندێك له‌ حوشتره‌كانی (عبد المطلب) سوپای ئه‌بره‌هه‌ ده‌ستی گرتبوو به‌سه‌ریاندا. كاتێك (عبد المطلب) ئه‌وه‌ی زانی، داوای چاوپێكه‌وتنی كرد له‌گه‌ڵ ئه‌بره‌هه‌دا. ئه‌بره‌هه‌ش بێ وه‌ستان ئاماده‌یی ده‌ربڕی چونكه‌ ئه‌و كاته‌ (عبد المطلب) سه‌رگه‌وره‌ی مه‌ككه‌ بوو. كاتێك ئه‌بره‌هه‌ (عبد المطلب)ی بینی ڕێزی لێ گرت و سه‌نگێكی گه‌وره‌ی پێدا. به‌ڵام كه‌ بینی وا بۆ داواكردنی حوشتره‌كانی هاتووه‌ پێی گوت: «من كاتێك چاوم پێت كه‌وت جێی سه‌رسوڕمانم بووی، به‌ڵام كه‌ ئێسته‌ وا قسه‌ت كرد له‌ گه‌ڵمدا ئه‌و سه‌رسوڕمانه‌م نه‌ما. ئایا داوای دووسه‌د حوشتری خۆت ده‌كه‌یته‌وه‌ لێم و واز دێنیت له‌ ماڵێك كه شوێنی‌ ئایینی خۆت و باب و باپیرانته؟ له‌ كاتێكدا من هاتووم بیڕووخێنم و له‌ناوی به‌رم. له‌سه‌ر ئه‌مه‌ قسه‌م له‌گه‌ڵ ناكه‌یت؟» (عبد المطلب) پێی وت: «من ته‌نها خاوه‌نی حوشتره‌كانم و ئه‌و ماڵه‌ش خاوه‌نێكی هه‌یه‌ و ده‌یپارێزێت.» خه‌ڵكی مه‌ككه‌ش به‌ قوڕه‌یش و تیره‌كانی تریشه‌وه‌ هه‌موو له‌ ترساندا ناو مه‌ككه‌یان چۆڵ كرد و چوونه‌ سه‌ر شاخه‌كانی ده‌وری مه‌ككه‌ تا خۆیان بپارێزن و چاوه‌ڕێیان ده‌كرد داخوا ئه‌برهه‌ كه‌ی هێرش ده‌بات و كه‌عبه‌ ده‌ڕووخێنێت. كاتێك ئه‌بره‌هه‌ سوپاكه‌ی ڕێكوپێك كرد و فیله‌كه‌ی ئاماده‌ كرد، به‌ڕێ كه‌وتن تا گه‌یشتنه‌ شیوی مه‌حسه‌ر -نێوان موزده‌لیفه‌و مینا- له‌وێ فیله‌كه‌ چۆكی دادا و نه‌ڕۆشت. جا كاتێك ڕوویان ده‌كرده‌ رۆژهه‌ڵات یان ڕۆژئاوا یان هه‌ر ڕوویه‌كی تری پێچه‌وانه‌ی مه‌ككه‌ فیله‌كه‌ به‌ خێرایی ده‌ڕۆێی و هه‌نگاوی ده‌نا، به‌ڵام هه‌ر ڕوویان له‌ مه‌ككه‌ ده‌كرد نه‌ده‌ڕۆیشت و مانی ده‌گرت. ئه‌وان له‌م حاڵه‌ته‌دا بوون، خوای گه‌وره -سبحانه ‌وتعالی- باڵنده‌ی (أ‌بابیل)ی بۆ ناردن. (أ‌بابیل)یش مانای یه‌ك به‌دوای یه‌كدا هاتنه. هه‌ر باڵنده‌یه‌ك سێ به‌ردی له‌ گه‌ڵ خۆی هه‌ڵگرتبوو؛ دانه‌یه‌ك به‌ ده‌نووكی و دووانی تریش به‌ قاچه‌كانیه‌وه. به‌ر هه‌ر یه‌كێك له‌وانه‌ بكه‌وتایه‌ ده‌یهاڕی وپارچه‌پارچه‌ی ده‌كرد و له‌ناوی ده‌برد. به‌ڵام ئه‌بره‌هه‌ له‌وێدا له‌ناو نه‌چوو و نه‌مرد. خوا گیرۆده‌ی كرد به‌ ده‌ردێكه‌وه به‌ هۆیه‌وه‌ هه‌موو سه‌ر‌په‌نجه‌كانی هه‌ڵوه‌رین ‌و وه‌ك بێچو‌وه‌كۆتری لێهات. سنگی له‌ لای دڵیه‌وه‌ هه‌ڵته‌كی و به‌و شێوه‌ زه‌لیلییه‌ گه‌یشته‌وه‌ صنعا‌ء و هه‌ر به‌و ده‌رده‌وه‌ له‌ناو چوو. ئه‌و‌ ڕووداوه‌ له‌ قورئانی پیرۆزدا باسی كراوه‌ و سوره‌تێك به‌و ناوه‌وه‌ هاتۆته‌ خواره‌وه؛ خوای (متعال) ده‌فه‌رموێت: { ألم تر كیف فعل ربك بأصحاب الفیل * ألم یجعل كیدهم فی تضلیل * وأرسل علیهم طیرا أبابیل * ترمیهم بحجارة من سجیل * فجعلهم كعصف مأكول} {ئایا نه‌تزانیوه‌ (ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله علیه وسلم)) په‌روه‌ردگارت چی كرد به‌ خاوه‌نی فیله‌كان؟ * ئه‌ی سه‌ری لێ نه‌شێواندن و نه‌خشه‌كانی پووچ نه‌كردنه‌وه‌؟!* پۆل پۆل باڵنده‌ی نه‌نارده‌ سه‌ریان؟ * تا به‌ به‌ردی سه‌نگڵ (وه‌ك خشتی سوره‌وه‌ كراو)، به‌ردبارانیان بكه‌ن * سه‌ره‌نجام وه‌كوو پووشوپه‌ڵاش و كای خوراوی لێ كردن.} ئه‌م ڕووداوه‌ش له‌ مانگی موحه‌ڕڕه‌مدا به‌ په‌نجا ڕۆژ پێش له‌ له‌دایكبوونی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله علیه وسلم) ڕووی دا كه‌ به‌رامبه‌ره‌ به‌ مانگی شوباتی ٥٧١ی زایینی. له‌ بارودۆخێكیشدا ڕووی دا كه‌ یارمه‌تیده‌ر بوو تاكوو هه‌واڵ و به‌سه‌رهاتی ڕووداوه‌كه‌ بگاته‌ سه‌رتاسه‌ری جیهانی پێشكه‌وتووی ئه‌و كاته. حه‌به‌شه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزی به‌ یۆنانییه‌كان و ڕۆمانه‌كانه‌وه‌ هه‌بوو. له‌ملاشه‌وه‌ فارسه‌كان هه‌میشه‌ له‌ په‌رێزدا بوون تاكوو‌ شتێك له‌ دوژمنه‌كانیان ڕوو بدات و بڵاوی بكه‌نه‌وه. ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌ش نوێنه‌ری جیهانی پێشكه‌وتووی ئه‌و كاته‌ بوون. جا ئه‌م ڕووداوه‌ سه‌رنجی خه‌ڵكی به‌ره‌و خۆی ڕاكێشا له‌ سه‌رانسه‌ری دنیاوه‌ تاكوو خه‌ڵكی شوێن و پایه‌ی ماڵی خوا بزانن و چاره‌نووسی ئه‌وانه‌ش كه‌ ده‌یانه‌وێت بیڕووخێنن و له‌ناوی ببه‌ن.




.: Desined By Sarhang Khalifany :.


به‌كوردی كردنی | : سه‌رهه‌نگ خه‌لیفانی
قالب وبلاگقالب وبلاگ